د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوەوە.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 6ـی 2025 بەڕێوەچوو، رەوشی گشتیی عیراق و پێشهاتی ئەمنیی ناوچەکە بە هۆی بەردەوامی دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئیسرایل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی و جیهانی تاوتوێ کران.
لەوبارەیەوە هەردولا جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی رۆڵی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و راگرتنی دەستدرێژی و سنوردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەری وڵات لەلایەن ئیسرایل و مەترسی بۆ سەر ئاسمانی وڵات دووپات کرایەوە، هەروەها هەردوولا جەختیان کردەوە لە پاڵپشتیی عیراق بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی و هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا.
هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکڕیزی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و تەئکیدیشکرایەوە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ روبەڕوبونەوەی هەر جۆرە ئاستەنگێک کە روبەڕوی ناوچەکە دەبێتەوە.