سەعدی ئەحمەد پیرە: یەكێتی خوازیاری چارەسەری دیبلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای دەستور
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، یەكێتی خوازیاری چارەسەری دیبلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای دەستوری عیراق.
ئەمڕۆ دووشەممە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان كرد و لەمیانی دیدارێکدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی تاوتوێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران رایگەیاند، ئێران بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە بارودۆخی سیاسی عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و گەشەسەندنی ئابوری و ئاوەدانی زیاتر و بەھێزترکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا.
هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە جەختیکردەوە، یەكێتی خوازیاری چارەسەری دیبلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای دەستوری عیراق لە رێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە و گەیشتن بە ئاڕاستەی چارەسەری گونجاو، کە ببێتە مایەی سەقامگیری بۆ عیراق.



