مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین داوای لە بزوتنەوەی حەماس کرد بارمتەکان رادەست بکاتەوە و کۆتایی بە پاساوەکانی ئیسرائیل بهێنێت لە کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی غەززە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی کردنەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی فەڵەستینی لە ڕامەڵلا، سەرۆکی فەڵەستین هێرشێکی توندی کردە سەر بزووتنەوەی حەماس و داوای لێکردن بارمتەکان ئازاد بکەن.

مەحمود عەباس لە وتارەکەیدا وتی: "چیتر بەسە، ئەو بارمتانە رادەست بکەنەوە و لەو کێشەیە رزگارمان بکەن."

چەند زانیارییەک لەسەر ململانێکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل:

ململانێی نێوان دەسەڵاتی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس و بزوتنەوەی حەماس کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززەی لە دەستدایە، چەندین ساڵە بەردەوامە. دوای روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە زیاتر گرژی تێدا دروست بووە.

حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستین کە ناوەندەکەی لە رامەڵلایە، جیاوازی بۆچوونی بنەڕەتییان هەیە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل. مەحمود عەباس هەمیشە هەوڵی داوە رێگای دیپلۆماسی و دانوستان بگرێتە بەر، لە کاتێکدا حەماس زیاتر بەرگری چەکداری پەیڕەو دەکات.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، چەندین جار گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکان ئەنجام دراوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی تەواو بۆ ئاگربەست نەگەیشتووەتە ئەنجام.