ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وردەکاری نوێی سەبارەت بە دانوستانەکانی داهاتووی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ کە لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە دەچێت.

لە هەواڵەکەی ئاژانسیی تەسنیمدا هاتووە؛ گفتوگۆکان بەسەر پەرشتی عەباس عراقچی و ویتکۆڤ دەبێت و زانراویشە، لە هەمانکاتدا بەڕێوە ناچێت و یەکێک لە وڵاتان لە عومان ئامادە نابێت و دواتر نێوەندگیرەکان زانیارییەکان دەگەیەنن بە ئاستی باڵا.

ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران ئەمریکا لە رۆما کۆتایی هات و هەردوولا بە "ئەرێنی" ناویانبرد.

چەند زانیارییەک لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا - گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ:

دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەوتە قۆناغێکی نوێوە. دانوستانەکانی ناوەکی ئێران و ئەمریکا کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا هەڵوەشێنرابوونەوە، ئێستا لە ژێر کاریگەری قەیرانی هەرێمی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردووەتەوە.

لە دوو مانگی سەرەتای 2025دا، نێوانگیریی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عومان و عیراق، دەروازەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کردووەتەوە. لە مانگی شوباتدا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران سەردانی عومان و قەتەری کرد و لە دوای ئەوەش چەند وڵاتێکی دیکە هەوڵیان دا بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکانی هەردوولا.

لە پاش چەند جار دانیشتنی ناراستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری وەزارەتی دەرەوەی عومان، وابڕیارە گەڕی سێیەمی دانوستانەکان شەممە، لە عومان بەڕێوەبچێت.