دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر کێڵگەیەکی وزەی ئەتۆمی ئێرانە، بیرۆکەی دروستکردنی دامەزراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شا محەمەد رەزا پەهلەوی، کیڵگەکە دەکەوێتە باشووری تاران و 11 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بوشەهرەوە دوورە و دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی خلیج، کە ئێران بە کەنداوی فارس ناوی دەبات.
ئێران لە ساڵی 1975دا بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەستی بە بونیادنانی کێڵگەکە کرد، بەڵام لە ساڵی 1979 و لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کارکردن لە کێڵگەکە راگیرا.
لە شەڕی 10 ساڵەی نێوان ئێران و عیراقدا کێڵگەکە چەندین جار بەر بۆردومان کەوتووە، کە دواتر لە ساڵی 1995دا ئێران لەگەڵ روسیا گرێبەستێکی 4 بۆ 6 ملیار دۆلاری ئەنجامدا بەمەبەستی تەواوکردنی دامەزراوەکە. لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە بەهۆی مەترسییەوە کارکردن لە کێڵگەکەدا راگیرا و لە هەمان ساڵدا دەست بە کارکرایەوە تێیدا، لە کۆتاییدا لە ساڵی 2011 کردنەوەی دامەزراوەکە راگەیەنرا.
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بە پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان لەژێر زەویدا بونیاد نەنراوە، بەڵکو لە بۆ کەڵک وەرگرتن وەک باڵەخانە نزیکەی 19 مەتری لەژێر زەوییەوەیە.
دامەزراوەی بوشەهر پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهانە و یۆرانیۆمی تێدا ناپیتێنرێت، بەڵکو بە سودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆم کارەبا و وزەی تێدا بەرهەمدەهێنرێت.
پێکانی دامەزراوەکە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەگەرێکی دوورە، چونکە تەقاندنەوەی دامەزراوەکە وەک تەقینەوەی چەکێکی ئەتۆمیی وایە کە وێرانکارییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەگەر شتێکی لەو جۆرە رووبدات و دامەزراوەکە بتەقێنرێتەوە، ئەوا بەهۆی ئەو تیشکانەی لێی دەردەچێت، بەنزیکەیی 50 کیلۆمەتری دەوری خۆی پیس دەکات و چیتر بە کەڵکی ژیان نامێنێت، ئەوە جگە لەوەی دووهێندەی ئەو رووبەرە بە پاشماوەکانی پیس دەبێت و لەرێگای ئاو و هەواشەوە کاریگەرییەکەی دەگاتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان. هەر بۆیە بەئامانجگرتن و پێکانی ئەو دامەزراوەیە ئەگەرێکی لاوازە.