ڤاتیکان رۆژی پرسەی پاپا فرانسیسی دیاریکرد
رەوەز
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سێشەممە، لە دوای کۆچی دوایی پاپا فرانسیسی 88 ساڵەوە، ڤاتیکان بەرەسمی وادەی پرسەکەی راگەیاند و تیایدا هاتوە؛ رۆژی شەممەی داهاتوو پرسەی پاپا فرانسیس لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەدەچێت.
پاپا فرانسیس کە دوێنێ کۆچی دواییکرد، لە وەسێتەکەیدا داوای کردبوو کە پرسەکەی بە پێچەوانەی نەریتی پاپاکانی ترەوە، وەک پرسەیەکی ئاسایی بێت و تەرمەکەی لە جیاتی سانت پەترۆس بگوازرێتەوە بۆ سانت مەریەم مەیجر.
وابڕیارە مەراسیمەکە بە ئامادەیی زۆرێک لە وڵاتان بەڕێوەبچێت و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاندووە کە خۆیو مێلانیای هاوسەری لە پرسەکە ئامادە دەبن.
پاپا فرانسیس بە سادەیی و نزیکبوونەوەی لە خەڵکی هەژار ناسرابوو. چاکسازی لە دەزگای دارایی ڤاتیکان و کەنیسەی کاسۆلیکیدا کرد و گرنگی زۆری بە پرسی ژینگە، کۆچبەری و دژایەتیکردنی هەژاری دەدا، هەربۆیە هاووڵاتیانێکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا غەمگینن بۆ لە دەستدانی پاپا.