بڵاوکراوەی لۆ پوینتی فەرەنسی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ژنێکی ئێرانیان  بەتۆمەتی "ستایشکردنی تیرۆر" دەستگیرکردوە.

ئەو ژنە، ناوی "مەهدیە ئەسفەندیار"ە و تەمەنی 39ساڵە، پیشەی وەرگێڕە و لە 1ـی ئاداری 2024ەوە دەستگیرکراوە.

بەپێی میدیاکانی فەڕەنسا، ئەو ژنە تۆمەتبارە بەوەی کە پەیامی پشتیوانی لە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر و وێنەی ئەوانی لە کەناڵێکی تێلێگرام بڵاوکردووەتەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی پاریس، ئەم پەیامە وەک "هاندانی تیرۆر" و "سووکایەتیکردن بە کۆمەڵگەی جولەکە" دادەنرێت.

ماوەی رابردو، ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی ژنی وڵاتەکەی لە فەڕەنسا کرد و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو رون بکاتەوە و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکانی بۆ دابین بکات.

 ناوبراو وتی: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە رێگەی باڵوێزخانەی فەڕەنسا لە تاران و باڵوێزخانەی ئێران لە پاریس بەدواداچوونی پێویست سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاووڵاتیە ئەنجام دەدات.

لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئەندامانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشوری ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 200کەسیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.  لە بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییەدا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس، تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار کوژراو و 116 هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە.