بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین ئەمڕۆ دووشەممە و سبەی سێشەممە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی، لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سور و تێکەڵبونی لەگەڵ بارستەیەک هەوای سارد، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمانی هەرێم هەور و نیمچە هەور دەبێت و باران بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند لە ناوچە جیاجیاکان دەبارێت.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە کە کاریگەری ئەم شەپۆلە لە شەوی دووشەممە بۆ سەر سێشەممە زیاتر دەبێت و ئاستی دابارین مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران و هەورە تریشقەش دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی ئاماژەی بەوەش داوە کە لەگەڵ زیادبونی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سور، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی سێشەممە، شەپۆلی باران فراوانتر و زیاتر بێت و لە سەرجەم ناوچەکان باران ببارێت. لە درەنگانی شەوی سێشەممە بۆ سەر چوارشەممە، کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەگەری زیادبونی خێرایی با و هەڵکردنی تۆز و خۆڵ هەیە، هەروەها ئەگەری بارینی بەفرێکی کەمیش لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییە سنورییەکان پێشبینی دەکرێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

• هەولێر: ١٣ پلەی سیلیزی
• سلێمانی: ١٢ پلەی سیلیزی
• دهۆک: ١١ پلەی سیلیزی
• کەرکوک: ١٤ پلەی سیلیزی
• زاخۆ: ١٢ پلەی سیلیزی
• هەڵەبجە: ١٦ پلەی سیلیزی
• سۆران: ٧ پلەی سیلیزی
• حاجی ئۆمەران: سفر پلەی سیلیزی
• گەرمیان: ٢١ پلەی سیلیزی