سعودیە: رێگری لە میوانداریکردنی زیارەتکارانی بێ مۆڵەتی حەج دەکرێت
رەوەز
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥
بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیە سەرجەم دامەزراوە میواندارییەکانی شاری مەککە ئاگادارکراونەتەوە کە، رێگە ۆێنەدراوە شوێنی مانەوە بۆ زیارەتکارانی بێمۆڵەتی حەج یان ئەوانەی تەنها مۆڵەتی کارکردن و ئیقامەیان هەیە، دابین بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیەوە بڵاوکرایەوە، ئەم قەدەغەکردنە لە 29ـی نیسانی 2025ـەوە دەست پێدەکات و تا کۆتایی وەرزی حەجی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەکە رونی کردووەتەوە، کە ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو رێکار و رێنماییانەی کە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دەریکردووە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی حاجیان و دڵنیابون لەوەی کە بتوانن حەج بە ئاسایش و ئاسانکاری و ئارامیی ئەنجام بدەن.
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە کە رێگە نادرێت ئەو کەسانەی ڤیزای هەمەجۆریان هەیە، بچنە ناو شاری مەککەوە، تەنها ئەوانە نەبێت کە ڤیزای تایبەت بە حەجیان هەیە. ئەم ڕێکارەش لە سێشەممە 29ـی چواری 2025ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارانە بەشێکن لە پابەندبونی وەزارەت بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی حاجیان و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی حکومەتی سعودیە بۆ ئامادەکاری وەرزی حەجی ساڵی 1446ـی کۆچی.
وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیە جەختی کردوەتەوە کە هەموو دامەزراوەیەکی میوانداری لە شاری مەککە دەبێت پابەندی ئەم رێکارانە بن و هاوکاریی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی میوانانی ماڵی خودا، هەروەها هۆشداری داوە کە سەرپێچیکردنی ئەم ڕێنماییانە دەبێتە هۆی بەرەوڕووبوونەوەی سزای یاسایی.
شایەنی باسە، نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوو لە مەککە دەکەن و ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەشتوگوزار بۆ رێگریکردنە لەو سەردانیکەرانەی کە ساڵانە لە رێگەی حەجی بازرگانیەوە سەردانی مەککە دەکەن.