ئەمڕۆ 14ـی 4، 37 ساڵ بەسەر خاپورکردنی لادێکان، پەلکێشکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەرەو مەرگێکی بێ بەزەییانە، کۆمەڵکوژی و تاوان، لە کوردستاندا، تێدەپەڕێت.

تاوانی ئەنفال، تاوانی جینۆسایدکردنی نەتەوەیەک بوو کە 197 رۆژی خایاند و تیایدا 182 هەزار کەس بە پیر و گەنج و ژن و منداڵەوە، بە زیندووی نێژران.

"ئەنفال" ناوی هەشتەم سوورەتی قورئانە و لەلایەن سەدام حسێنی دیكتاتۆری عیراقەوە، دەكرێتە ناونیشانی هەڵمەتێك بۆ جینۆساید و پاكتاوكردنی كوردی باشور. لەم پرۆسەیەدا كە لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەستی پێ كرد و لە ساڵی 1988 گەیشتە لوتكەی تاوان، نزیكەی 182 هەزار كەس بێ سەروشوێن كران. بەگوێرەی چالاكانی دۆسیەی ئەنفال كە لە چەند ساڵی رابردودا كاریان لەسەر ئەو تاوانە گەورەیە كردوە، تا ئێستا دۆسیەكە ناتەواوە و وەك پێویست لەلایەن عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاری لەسەر نەكراوە.

بە گوێرەی راپۆڕتى رێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ هەشت قۆناغەکەی ئەنفال بەم جۆرە بوون:

21ى شوباتى 1988 تاوەکو 18ی ئازارى 1988: قۆناغى یەکەمى هەڵمەتى ئەنفال لە دۆڵى جافایەتى دەستى پێکرد.

14ى ئازارى 1988 تاوەکو 22ی ئازارى 1988: قۆناغى دووەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەى قەرەداغ دەستى پێکرد.

31ی ئازارى 1988 تاوەکو 14ی نیسانى 1988: قۆناغى سێ یەمى هەڵمەتى ئەنفاڵ دەستى پێکرد لە ناوچەى گەرمیان.

18ی نیسانی 1988 تاوەکو 20ی نیسانی 1988: قۆناغى چوارەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەى عەسکەر و گۆپتەپە و شوان و قەڵا و سواکە و دەشتى کۆیە دەستى پێکرد.

24ی ئایارى 1988 تاوەکو 31ی ئابى 1988: قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەمى هەڵمەتەکانى ئەنفال لە قەزاکانى شەقڵاوە و رەواندز دەستى پێکرد.

25ی ئابى 1988 تاوەکو 6ی ئەیلولى 1988: قۆناغى هەشتەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەکانى بادینان دەستى پێکرد.

پڕۆسەی ئەندفال لە رۆژی 23ی شوبات تاوەکو 6ى ئەیلولی 1988 بەردەوامبوو، لە کۆمەڵگاى کوردىدا وشەى ئەنفال ماناى هەموو ئەو تاوان و جینۆساید و کۆمەڵکوژیە دەگرێتەوە بەدرێژاى مێژوو بەرامبەر بە گەلى کورد ئەنجام دراوە.