مەزڵوم كۆبانێ: كۆنگرەیەك بۆ داڕشتنی هەڵوێستێكی هاوبەش لەنێوان لایەنە كوردییەكان دەبەسترێت
١٣ی نیسانی ٢٠٢٥
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، كۆنگرەیەك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنە كوردییەكان دەبەسترێت، لەسەر داوای ئەحمەد شەرعیش لە بەنداوی تشرین و حەڵەب كشاونەتەوە.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناسراو بە هەسەدە بە ماڵپەڕی مۆنیتەری راگەیاند، كۆنگرەیەك بۆ داڕشتنی هەڵوێستێكی سیاسی هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنە كوردییەكان رێكدەخەن بۆ پێكهێنانی وەفدێكی یەكگرتوو بۆ نوێنەرایەتیكردنی ناوچەكە بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ دیمەشق.
كۆبانێ راشیگەیاند، ئەوان حوكمڕانی ناوخۆییان دەوێت و ئەمەش شتێكە گفتوگۆی لەسەر دەكەن، هاوكات بەشێك لە هێزە كوردییەكان پێداگری لە فیدڕاڵیزم دەكەن.
سەبارەت بە رێككەوتنی گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەش وتی، رێككەوتنەكە گرنگییەكی زۆری هەیە و بۆ ماوەیەكی كاتییە و لەسەر داوای ئەحمەد شەرع لەو ناوچانە كشاونەتەوە.
وتیشی، لەگەڵ دیمەشق رێككەوتوون بۆ ئەوەی بەڕێوەبردن و كارمەندانی بەنداوی تشرین لە شوێنی خۆیان بمێننەوە بۆ دڵنیابوون لە كاركردنی بەنداوەكە بە رێكوپێكی.