یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەر ئەمەریکا هەڕەشە بەلاوە بنێت، زەمینەی رێککەوتن هەیە
رەوەز
١١ی نیسانی ٢٠٢٥
یاریدەدەری کاروباری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەگەر ئەمەریکا دەست لە هەڕەشە و تۆقاندن هەڵبگرێت، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، مەجید تەخت رەوانچی، یاریدەدەری کاروباری سیاسی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانی بۆ سڕبیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: "ئەگەر شاندی ئەمەریکا بابەتی لابەلا و ناپەیوەندیدار پەلکێشی دانوستان نەکەن، ئەگەر هەڕەشە و تۆقاندن بەلاوە بنێن، ئەگەرێکی باش هەیە تا رێککەوتن بکرێت."
تەخت رەوانچی لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە "کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە دانوستان و رێزگرتنی بەرانبەر هەیە، بەڵام هەر جۆرە خۆسەپێنیەک لە روانگەی ئێمەوە رەتکراوەیە و قبوڵی ناکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی داوە کە "پرەنسیپی سیاسەتی ئێران، هەبوونی باشترین پەیوەندییە لەگەڵ دراوسێکانی" و دووپاتی کردووەتەوە کە "هەر بۆیە دانوستان گرنگترین ستراتیژییە بۆ چارەکردنی کێشە هەرێمییەکان."
بڕیارە سبەینێ شەممە، لە پایتەختی عوممان، دانوستانی وەفدی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی باڵای ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قۆناغێکی نوێی دانوستان دەست پێ بکات.
شایەنی باسە ئەم دانوستانە لە دوای چەندین مانگ لە گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و لە سایەی پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت.