لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دێلفی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆستیس هاتزیداکیس، جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەر یەک لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تەوەری سەرەکی باسەکان چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان بووە لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری.

هەردوولا بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان بە گرنگ و پێویست زانیوە و بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لە کاری هاوبەش کردووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و رایگەیاندووە: "حکومەتی هەرێم بە هەموو تواناوە کاردەکات زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەپێدان دابین بکات."

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوای لە حکومەتی یۆنان و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە کردووە کە وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەدا بکەن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕیوە بۆ هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون. لەم بارەیەشەوە هەردوولا بە پێویستیان زانیوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ هاندانی لایەنە ناکۆکەکان تا بتوانن لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

شایەنی باسە کە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دێلفی لە رۆژانی 10 بۆ 14ی نیسانی 2025 بەڕێوەدەچێت و زۆرێک لە سیاسەتمەداران، بیرمەندان و پسپۆڕانی بواری ئابوری لە سەرانسەری جیهانەوە تێیدا بەشدارن.

وێنەی دیدارەکە: