ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئەنتالیا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاریکاری هاوبەش و پرسی ئاشتی کراوە لە تورکیا.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا تەوەری پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان لە هەمو بوارەکاندا تاوتوێکراوە، هەروەها تیشک خراوەتە سەر پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر خواستی دوولایەنە بۆ فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە باس لە پرۆسەی ئاشتی و دوا کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی کراوە. نێچیرڤان بارزانی، وێڕای ستایشی رۆڵی ئەردۆغان لەم بارەیەوە، پرۆسەکەی بە مێژوویی لە قەڵەم داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ هەر هاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا ئامادەیە.

هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هەرێم وتویەتی: "پرۆسەی ئاشتی دەرفەتێکە دەبێت هەمووان زۆر بە جددی وەریبگرن و نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت." هەر لەم بارەیەوە دوپاتی کردووەتەوە کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە پەکەکە بەپیر بانگەوازی ئۆجالانەوە بچێت و بەتەواوی پابەندی بێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم دا هاتووە؛ کە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی سوریا بەتایبەتی، گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش بووە لە کۆبوونەوەکەدا.