تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەکاونتی وتەبێژی حوسییەکانی داخست
رەوەز
١١ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی پلاتفۆرمی ئێکس ئەکاونتی فەرمی یەحیا سەریع، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکانی داخست، لە کاتێکدا هاوکات ئەمریکا 11 هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەندین پێگەی سەربازی و کۆگاکانی چەکی حوسییەکان لە یەمەن.
هەرچەندە تاکو ئێستا هیچ رونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمپانیای ئێکسەوە سەبارەت بە هۆکاری داخستنی ئەکاونتەکە نەدراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە لەبەر بڵاوکردنەوەی زانیاری و لێدوانی سەربازی ناڕاست لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردودا بووە، بەتایبەت سەبارەت بە پشتگیری کردنی لە غەززە.
بەپێی راپۆرتەمیدیاییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، 11 هێرشیان ئەنجامداوە کە چەندین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش شارەدێی بەنی حەشیش لە باکووری رۆژهەڵاتی سەنعا، چیای فەج عەتان، ناوچەی نوقوم و گەڕەکی هاوار لە شارۆچکەی حەمدان.
هێرشەکانی ئەمڕۆ بەشێکن لە پلانی بەرفراوانتر کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتر هەڕەشەی "بەتەواوی لەناوبردنی" حوسییەکانی کردبو و داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە "هێرشێکی گەورە" بۆ سەر ئەم گروپە دەست پێبکەن.
-زانیاری زیاتر لەسەر داخستنی ئەکاونتەکان لە تۆڕی ئێکس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:
یەحیا سەریع تەنها کەس نییە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکاونتەکەی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس x داخراوە. لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکاونتە پەیوەندیدارەکان بە گروپە چەکدارەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوچەکە داخراون، لەوانەش:
- نوێنەرایەتییەکانی حەماس و چەندین ئەندامی باڵای ئەم بزوتنەوەیە کە لە کۆتایی ساڵی 2023 و سەرەتای 2024 داخران.
- چەندین ئەکاونتی سەر بە حزبوڵڵای لوبنان کە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وتاری توندوتیژی و پشتگیری تیرۆریزم داخران.
- ژمارەیەک لە ئەکاونتەکانی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عیراق.
- ئەکاونتی تەلەڤزیۆنی ئەلمەسیرەی سەر بە حوسییەکان کە لە ساڵی 2024 بۆ ماوەیەک داخرا.
بەپێی یاسای نوێی ئێکس، کە بە سەرپەرشتی ئیلۆن ماسک دانراوە، داخستنی ئەم ئەکاونتانە زۆربەی جار بە هۆکاری پێشێلکردنی رێساکانی پلاتفۆرمەکە لە روی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی توندوتیژی، پڕوپاگەندەی جەنگ، یان هاندانی تیرۆریزمەوە دەبێت.
شایەنی باسە، دوای گۆڕینی ناوی تویتەر بۆ ئێکس لە ساڵی 2023، سیاسەتی ئەم پلاتفۆرمە سەبارەت بە ئەکاونتە پەیوەندیدارەکان بە گرووپە چەکدارەکان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بووە و پڕۆسەی چاودێریکردن و داخستنی ئەکاونتە پێشێلکارەکان خێراتر کراوە.