ئەنکەرە گرنگی بە چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حەلەب و بەنداوی تشرین دەدات و کۆبوونەوەی تەکنیکی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام داوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، کە یەکەمین کۆبونەوەی تەکنیکی نێوان نوێنەرانی سەربازیی تورکیا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان بەڕێوە چوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی دورکەوتنەوە لە روبەروبوونەوەی نێوان هێزەکانی هەردو وڵات لە سوریا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچو، زەکی ئەکتورک، وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند ئەم هێرشانە ئامانجیان تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پابەندبونی وڵاتەکەی دوپات کردەوە بۆ پشتیوانیی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەقامگیریی ئەو وڵاتە، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کرد.

ناوبراو رونیشی کردەوە کە "هەموو کارەکانی تورکیا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنە دووقۆڵییەکان دەکرێن، بەبێ ئەوەی زیان بە لایەنی سێیەم بگەیەنرێت."

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازیی لە ناو خاکی سوریادا جێگیر کردووە، ئەمەش وەک پەیامێک بەرامبەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی لە سوریا.