قوباد تاڵەبانی بۆ وەزیری دەرەوەی یۆنان: پێویستە وڵاتان هاوکاریی هەرێم بکەن بۆ رێگری لە کۆچی نایاسایی
هەساو ئەمیر
١٠ی نیسانی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و باسیان لە زیادکردنی گەشتی ئاسمانی و رێکارەکانی رێگرتن لە کۆچی نایاسایی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم لە سەردانەکەیدا بۆ یۆنان و لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی، لەگەڵ یۆرگۆس یراهێپیتریتس وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا، جەختیش کرایەوە لەوەی، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان زیاد بکرێت و کار بکرێت لە داهاتوودا گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان سلێمانی و ئەسیناشدا بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند، باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە وڵاتی یۆنان و یەکێتیی ئەوروپا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە گەشەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار تا گەنجان بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، چونکە ئەم جۆرە کۆچکردنە هاوکات بە زیانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاشە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، هەنگاوی زۆر باش نراوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووتر کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش هەردوولا جەختیان کردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە.

