سێنتکۆم: لە هیچ دەوڵەتێک قبوڵ ناکەین پشتیوانی لە حوسییەکان بکات
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە لە هیچ وڵات و لایەنێک قبووڵ ناکات پشتیوانیی لە ڕێکخراوی تیرۆرستیی وەک حووسییەکان بکات.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەدا کە لە لێدانی شوێن و پێگەی حوسییەکان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند بەکارهێنانی بەندەرەکانی حوسییەکان بۆ هەر کارێک، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
شەوی رابردو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی حوسییەکان لە یەمەن. بەپێی راگەیاندنی حوسییەکان، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر پارێزگای حودەیدە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 11کەس و چەندین کەسی دیکەش بریندار بون.
کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوسییەکان بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا شاری نیشتەجێبوونی ئەیمن موقبەلی لە پارێزگای حودەیدە بۆمباران کردوە. پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لە نزیک شوێنی روداوەکە دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێزی یەک لە دوای یەک بیستراوە.
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن، لە 15ـی ئادار ەوە بەمەبەستی ناچارکردنی حوسیەکان بە وازهێنانی لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان رۆژانە بۆمباران دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا، پەلاماری پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکایان لە ئیسرائیل و دەریای سوور داوە.