ماکرۆن: بەمزوانە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، رەنگە وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستین بنێت لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا. دەشڵێت، "ئەو بڕیارە بە مەبەستی دڵخۆشکردنی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە دادپەروەرانەیە".
ئیمانوێل ماکرۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی فڕەنسا 5ڕایگەیاند، "دەبێت بەرەو دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا هەنگاو بنێین و لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو کارە دەکەین کە رەنگە مانگی حوزەیران بێت".
سەرۆکی فڕەنسا لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدەدات فڕەنسا بەشێک بێت لەو "داینامیکییە" کە پشتگیری لەم دانپێدانانە دەکەن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئامانجمان ئەوەیە لە مانگی حوزەیراندا لەگەڵ سعودیە هاوسەرۆکایەتی ئەو کۆنفرانسە بکەین، کە دەتوانین هەنگاوی دانپێدانانی یەکتر (دەوڵەتی فەلەستین) لەگەڵ چەند لایەنێکدا تەواو بکەین".
شایەنی باسە، لەم هەفتەیەدا ماکرۆن بەشداری لوتکەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر و عەبدوڵڵای دوەم، شای ئوردن لە قاهیرە کرد. لە لوتکەکەدا تیشک خرایە سەر وەستاندنی شەڕی غەززە و پشتگیریکردن لە پلانی عەرەبی بۆ کەرتی غەززە لە بەرامبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە یارمەتییەکان بچنە ناو ناوچەی گەمارۆدراو.