هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر بەندەری حودەیدە هەشت کوژراوی لێکەوتەوە
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە بەندەری حودەیدەی یەمەن، بووە هۆی کوژرانی ٨ کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی یەمەن، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ناوچەیەکی چڕی دانیشتوان لە بەندەری حودەیدە کە دەکەوێتە سەر دەریای سور.
وەزارەتی تەندروستی یەمەن رایگەیاند لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 8 کەس کە چوار منداڵ و دوو ژنیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 16 کەسی دیکەش بە پلەی جیاواز بریندار بوون.
ئاسایشی یەمەن بڵاویکردەوە "زۆربەی قوربانییەکان هاووڵاتی مەدەنین و پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکی سەربازییەوە نییە".
جێی باسە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە نزیکەیی رۆژانە دەکرێنە ئامانج، ئەوەش دوای راگەیاندنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەریان لە 15ـی ئازاردا کە ئامانج لێی راگرتنی هێرشی حوسییەکان بوو بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور.