سەرۆک بافڵ: لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ بەهێزترکردنی هەرێمەکەمان
سام
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تالەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد فەرید سەعد زەهران بیرمەند و سیاسەتمەدار و سەرۆکی حزبی سۆشیال دیموکراتی میسر
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد فەرید سەعد زەهران، بیرمەند و سیاسەتمەدار و سەرۆکی حزبی سۆشیال دیموکراتی میسر کرد.
لە دیدارێکی دۆستانەدا دواین گۆڕانکارییە سیاسی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر و لێکەوتەکانی تاوتوێکران.
هەر لە دیدارەکەدا دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییە لە مێژینەکانی نێوان گەلی کورد و میسر و هەردوولا کرا بەشێوەیەک هاریکارییەکان فراوانبکرێن لە چوارچێوەی کاری هاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی بەگەرمی بەخێرهاتنی محەمەد فەرید سەعد زەهرانی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و سلێمانی، هیوای خواست ئەمە هاندەرێکی باشتر بێت بۆ کارکردنی پێکەوەیی و زیندووکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان هەردوو گەلی دۆستدا هەیە کە بەردی بناغەکەی سەرۆک مام جەلال داینا و رایگەیاند؛ ئێمە لە یەکێتی بە هەمان سیاسەت و ستراتیژەوە درێژە بە کاری خۆمان دەدەین و لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک و بەهێزترکردنی هەرێمەکەمان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

