هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست نیشانداوە کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە پێشکەشکراوە.
دوێنێ دووشەممە، سەرچاوەیەکی رەسمی لە میسر هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دواتر باسم نەعیم، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسی: "بزووتنەوەکە وەڵامی خۆی بە رەزامەندی لەسەر پێشنیازی نوێی نێوەندگیرەکان پێشکەش کرد." هەروەها حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە کە لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەش رەزامەندیی خۆیان بە نێوەندگیرەکان راگەیاندووە.
تا ئێستا هیچ وەڵامێکی رەسمی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر ئەم پێشنیازە نەدراوە، بەڵام بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە پێشنیازەکەیان بەدەست گەیشتووە.
ناوەرۆکی پێشنیازەکە چییە؟
پێشنیازە نوێیەکە، کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە کاری نێوەندگیری بۆ کراوە، لە چەند خاڵێکی سەرەکی پێکدێت و تا رادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئەو پێشنیازەیە کە مانگێک لەمەوبەر لەلایەن نێردەی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆفەوە پێشکەش کرا. گرنگترین خاڵەکانی بریتیین لە:
-
ئاگربەستی ٦٠ رۆژە: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆماوەی 60 رۆژ رادەگیرێن، لەگەڵ کردنەوەی رێڕەوێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
-
ئاڵوگۆڕی دیلەکان: لە قۆناغی یەکەمدا، نیوەی دیلەکانی ئیسرائیل کە لە ژیاندان لەگەڵ ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. قۆناغی دووەم ئازادکردنی نیوەکەی دیکەی دیلەکان لەخۆدەگرێت. لە بەرامبەردا، سەدان دیلی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
-
هاوکارییە مرۆییەکان: رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدرێت و میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە رێگەی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سوورەوە دەگەڕێندرێتەوە.
-
کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل: پێشنیازەکە باس لە "دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی سەربازیی هێزەکانی ئیسرائیل" دەکات، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەسەر شێوازی کشانەوەکە و ناوچەکان روون نەکراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل نزیکەی %75ی کەرتەکەی کۆنترۆڵکردووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەم مانگەدا پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە پەسەند کرد، بەڵام بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە پێویستی بە چەند هەفتەیەک دەبێت، ئەمەش دەرفەتێک بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست دەهێڵێتەوە.
هاوکات، دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەهۆی کەمیی هاوکارییە خۆراکییەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. وەزارەتی تەندروستی لە غەززە Rایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی برسێتی و بەدخۆراکی بۆ 266کەس بەرزبووەتەوە، کە 112 کەسیان منداڵن.