ئیمامئۆغڵو: دەستگیركردنی خۆپیشاندەران نایاسایی و نادادپەروەرییە
١ی نیسانی ٢٠٢٥
سەرۆكی زیندانیكراوی شارەوانی ئیستانبوڵ رایگەیاند، دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی توركیا نایاسایی و نادادپەروەرییە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، دەستگیركردنی خۆپیشاندەران، لە خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەك پارێزگای توركیا نایاسایی و نادادپەروەرییە، هەر كەسێكیش پێی وابێت دادگا لە وڵاتەكەدا بێلایەن و سەربەخۆیەوە، هاوبەشی ئەو تاوانەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، دوای تێپەڕینی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لەلایەن یەك كەسەوە ئیرادەی گەلی توركیا پێشێلكراوە و لەماوەی ساڵێكدا، پێنج سەرۆك شارەوانی دەستگیركراون و دوانیشیان قەیوم لە شوێنیان دانراوە.
سەرۆكی زیندانیكراوی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەشڵێت، بە دەنگی 85 ملیۆن هاوڵاتی هەڵبژێردراوە و دەتوانێت، وڵاتەكەی بەڕێگەی یاسایی و پشتیوانی گەلی توركیا، دوژمنایەتی ئەو كەس و لایەنانە بكات، پێشێلی مافەكانی گەلی وڵاتەكە دەكات.