سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سنووردار لە کەرتی غەززە دەستپێکردوە. 

بەپێی راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، هێرشێکی زەمینی چڕیان لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە بە مەبەستی فراوانکردنی "ناوچەی ئەمنی" و دامەزراندنی بەربەستێک لە نێوان بەشی باکوور و باشووری کەرتی غەززە، هاوکات بزوتنەوەی حەماسیش رایگەیاند: 61 کەس بەگوللەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هۆشداری دایە دانیشتوانی کەرتی غەززە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی ناوچە نائارامەکان لە کەرتی غەززە دەردەکات.

هەروەها وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بزووتنەوەی حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و غەززە بەجێ نەهێڵێت، ئیسرائیل "بەشێوەیەک مامەڵە دەکات کە تا ئێستا نەبینرابێت"، ئەمەش وەک هەڕەشەیەک بۆ لەناوبردنی یەکجاریی حەماس لێکدەدرێتەوە.