بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سەرجەم تیمەکانی لە ئامادەباشیدا دەبن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم، راگەیاند: "لە بەیانییەوە هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێم دەکەونە ئامادەباشییەوە تاوەکو تەواوبوونی هەڵکردنی ئاگر و ئاهەنگی نەورۆز."

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم جەختی کردەوە کە "دیاردەی سووتانی تایە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر کەسێک ئەم کارە بکات، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە."

سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، هاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەخۆ ئاگاداریان بکەنەوە.

سبەی ئێوارە، بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.