ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ دامەزراندن و لێخۆشبوون لە قەرزی شۆفێران دەکات
١٩ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پرسی دامەزراندن و لێخۆشبوون لە بەشێك لە قەرزی شۆفێران تاوتوێ دەكرێت.
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی ڕێژەی 20%ی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی 6 مانگی دیكە تاووتوێ دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمیشدا یەكلاییكردنەوەی كێشەی دامەزراوان لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست تاووتوێ دەكرێت كە لە مانگی 7ی 2024وە مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ نەبەستراوە بەهۆی جێگیرنەبوونی میلاكی مانگی تەمووز لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
هەروەها لە بڕگەی سێیەمدا بابەتی دەرچوانی ساڵی 2024 ی كۆلێژی پزیشكیی گشتیی زانكۆ حكومییەكان تاووتوێ دەكرێت .