کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە، پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەگشتی 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان لە نیمچەهەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە کاتەکانی ئێوارەدا دابارین بەشێوەی نمەباران لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات، پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە سنووریەکانی باکوور لەگەڵ کەمێک بەفربارین.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە کاتەکانی درەنگانی شەودا نمەباران زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە هەندێکجار هەورە بروسکە و تاوەبارانیشی لەگەڵدا دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.

کەشناسی باسی لەوەشکردووە، بە گشتی خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و لەنێوان 5 تاوەکو 15 کیلۆمەتردا دەبێت لە سەعاتێکدا، بەڵام لە سبەینێ ئێوارەکەیەوە خێراییەکەی زیاد دەکات و دەگاتە سەروو 20 کیلۆمەتر.

راشیگەیاندووە، سبەینێ پلەکانی گەرما نزیکەی 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزمتر دەبنەوە، بەتایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەکاندا.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 27  پلەی سیلیزی

سلێمانی: 22 پلەی سیلیزی

دهۆک: 22  پلەی سیلیزی

کەرکوک: 28 پلەی سیلیزی 

زاخۆ: 23 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 23 پلەی سیلیزی

سۆران: 24 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی