بەهۆی زریانەوە لە ئەمریكا 34 كەس گیانیان لەدەستدا
١٦ی ئازاری ٢٠٢٥
بەهۆی زریانێكەوە لە شەش ویلایەتی ئەمریكا 34 كەس گیانیان لەدەستدا و 29 كەس برینداربوون و نۆ ملیۆن كەسیش هەڕەشەیان لەسەرە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، بەهۆی ئەو زریانەی كە رووی لە ویلایەتەكانی میسیسپی و ئەركەنساس و تەكساس و ئۆكلاهۆما و میزۆری و چەند ناوچەیەكی دیكە كردووە 34 كەس گیانیان لەدەستداوە و 29 كەسیش برینداربوون و ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلیش تێكشكاون و زیانی زۆریان بەركەوتووە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، نزیكەی نۆ ملیۆن كەس هەڕەشەیان لەسەرە و لەوانەیە دووچاری بێ كارەبایی ببنەوە.
شارەزایانی كەشناسی هۆشداریان داوە لە توندبوونی زریانەكە و رایانگەیاندووە، لە چەند سەعاتی داهاتوودا زریانەكە روو لە چەند ویلایەتێكی تریش دەكات.
هاوكات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا هاوشانی هاووڵاتیان دەوەستێتەوە و ئامادەی هاوكارییە و چاودێری رەوشی زریانەكە دەكەن.