شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێكی بڵاکردەوە و رایگەیاند، دەبێت ئەو تاوانەی دەرحەق بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان کرا ببێتە وانەیەک و یەکگرتوویی و تەباییمان بەهێزتر بکات، لە بەرامبەر سەرجەم پرسە چارەنووسازەکاندا کە رووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە”.

دەقی پەیامەکەی وەزیری پێشمەرگە:

پەیامی وەزیری پێشمەرگە لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا.

“لـە ساڵیادی کارەساتی جینۆسایدکردنی هەڵەبجـەدا، درود بۆ رۆحی پاک و بێگەردی شەهیدانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرین، سەری ڕێزو وەفاداری بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دادەنەوێینین.

کارەساتی هەڵەبجـە، تاوانی کۆمەڵکوژی و مەرگەساتی گەلێک بوو، لەلایەن رژێمی ڕەفتارفاشیی بەعسی ڕووخاو، کە بە چەندین جۆر گازی کیمیایی بۆمبارانی هەڵەبجەی کردو بەوھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھیدبوون و زیاتر لە 10 هەزار ھاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە دەناڵێنن.

هەڵەبجـە، بیرەوەرییەكی خەمناك و پەژارەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییمانە كـە هەرگیز لە هزر و ئەندێشەی گەلەكەمان و مرۆڤی بەویژدان دەرناچێت.

دووژمنانی گەلەکەمان هەمیشە ویستوویانە بە زەبری ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکارییە ڕەواکانی گەلی کوردستان بدەنەوە؛ بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوەو ئەو خەونەیان بردۆتە ژێرگڵ. 

دەبێت ئەو تاوانەی دەرحەق بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان کرا ببێتە وانەیەک و یەکگرتوویی و تەباییمان بەهێزتر بکات، لە بەرامبەر سەرجەم پرسە چارەنووسازەکاندا کە رووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە”.

شۆڕش ئیسماعیل

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٦ـی ئاداری ٢٠٢٥