یەکێکە لە چیا بەرزەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس و دەکەوێتە نێوان سنووری رۆژهەڵات و باکوور و باشووری کوردستان، واتە نێوان کوردستان و ئێران، بەشێکی چیاکە دەکەوێتە پیرانشەهری ئێران و رووباری زێی بچووک لەم چیایەوە هەڵدەقوڵێت.

بەرزی چیای قەندیل لە کوردستان دەگاتە 3587 مەتر، بەرزترین لوتکەی چیاکە لوتکەی کەوکەزە کە بەرزییەکەی دەگاتە 3800مەتر و دەکەوێتە باکووری کوردستان، کێوەڕەشیش بە نزیکەی 3500 مەتر دەکەوێتە نێوان شنۆ و پیرانشەهر.

قەندیل تەنیا شاخێکی بەرزی ئاسایی نییە، بەڵکو بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەکەیەوە، کە کەوتووەتە نێو هەرسێ دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عیراقەوە بووەتە جێگە سەرنجێکی زۆر و خاوەن پێگەیەکی گەورە.

مێژووی سیاسی:

شاخی قەندیل لە مێژووی کوردستاندا رۆڵێکی گرنگی ھەبووە. لە ساڵانی شەڕی نێوان عیراق و ئێراندا، ئەم شاخە بووەتە شوێنی پەنابەرانی کورد. لە دوای شەڕەکەش، قەندیل بووەتە شوێنی چالاکییە سیاسییەکانی کورد و یەکێکە لە شوێنە ستراتیژییەکانی پەکـ.ەکە. لەم شاخەدا چەندین بارەگای سیاسی و سەربازی ھەن کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.  

سروشتی قەندیل:  

شاخی قەندیل بە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکەی، بە داری بەڕو و دۆڵە فراوانەکانی ناسراوە. لە وەرزی بەھاردا، دیمەنی سەوز و گوڵە جۆراوجۆرەکانی شاخەکە سەرنجی زۆر کەس رادەکێشێت و ساڵانە لە جەژنی نەورۆزدا هاووڵاتیان رودەکەنە ئەو چیایە و ئاهەنگ دەگێڕن، لە وەرزی زستانیشدا، لەبەر بەفرە زۆرەکەی، دیمەنێکی سەیر و سەرنج راکێش لەخۆ دەگرێت.

قەندیل لە روی سیاسیەوە بۆ کورد پێگەیەکی گەورەی هەیە و لە کولتووری کوردیدا وەک سومبولی تێکۆشان و خەونی سەرکەوتن و کۆڵنەدان ناو دەهێنرێت.