پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی ئەمریكا بەردەوامە و تیایدا نزیكەی 250 ملیۆن دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان هەیە.
هاوكات بەهۆی جیاوازیی كاتەوە، پێش چەند سەعاتێك پرۆسەی دەنگدان لە چەند ویلایەتێك دەستی پێكردووە و تاوەكو 10 سەعاتی دیکە دەنگدان بەردەوام دەبێت و لەم هەڵبژاردنەدا كێبڕكێ لەسەر 435 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 كورسی لە كۆی 100 كورسییەكەی ئەنجومەنی پیران دەكرێت و لە 36 ویلایەتیشدا پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێردرێن.
بەپێی راپرسییەكانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، دیموكراتەكان بە جیاوازیی 9 خاڵ لە پێش كۆمارییەكانەوەن و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆنگرێس پێویستیان بە بردنەوەی سێ كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران و چوار كورسیی ئەنجومەنی پیران هەیە.
لە لایەكی ترەوە جێگری سەرۆكی ئەمریكا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد، لە رێگەی دەنگدانەوە پەیامێك ئاراستەی چەپڕەوەكان بكەن و سیاسەتی چەپ رەتبكەنەوە
پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و جنێودان و سوکایەتیکردن بە یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەپێدراو نییە، هەروەها ئەو کەسانەی ڵایڤ دەکەنەوە پێویستە بەڵێننامە پڕبکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پاراستنی دابونەریت و کلتوری کۆمەڵایەتی و رێگریکردن لە دیاردە نەخوازراوەکان؛ بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و جنێودان و سوکایەتیکردن بە یەکتر یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەڕۆکی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جۆرە رەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییەکانن، دەبنە هۆی دروستبوونی کێشە و تاوانی جۆراوجۆر، بەوهۆیەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر وادەیەکی دیاریکردووە و بەپێی ئەوەش، پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تایبەت لە پلاتفۆرمی 'تیکتۆک' لایڤ ئەنجام دەدەن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بەمەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی رێنماییەکان.
لەکۆتاییدا، پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە، هەر کەسێک لە ماوەی دیاریکراودا پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرانبەر یاسادا و رێکاری پێویستی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
راوێژکاری رابەری باڵای ئێران رایدەگەیەنێت، تەنها لەو کاتەدا گەروی هورمز دەکەنەوە، کە ئەمریکا بە تەواوی و بە روونی وەڵامی سەرجەم مەرجەکانی ئێران بداتەوە و کاریان پێبکات.
موحسین رەزایی، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەڵوێستی تاران بەرانبەر بە ئەمریکا راگەیاند و جەختی کردەوە، وەڵامەکانی واشنتۆن بۆ ماف و داواکارییەکانی ئێران بڕواپێکەر نەبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت ئەمریکا بە تەواوی و بە روونی وەڵامی مەرجەکانی ئێران بداتەوە و کاری پێبکات، تەنها لەو کاتەدا گەروی هرمز دەکەنەوە، لە دەرەوەی ئەوەش هیچ دانوستانێکی نوێ لە ئارادا نابێت.