ئەمڕۆ وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆدەبنەوە
هەساو ئەمیر
٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ لە پیرمام، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ جاری سێیەم بۆ تاوتوێكردنی رەشنووسی ستراتیژی نێوانیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆدەبنەوە.
وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دەبێت و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین خاڵەكانی رەشنووسی ستراتیژی نێوان هەردوولا دەكرێت، كە پێشتر لەلایەن تیمی تەكنیكی هاوبەشی هەردوولاوە ئامادەكراوە.
كۆبوونەوەی یەكەم و دووەمی وەفدی دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی بەڕێوەچووە و لەدوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی دووەمیش، یەكێتی و پارتی لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبێت، بۆ زیاتر لێكتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەش، كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت.
پێشتریش قوباد تاڵەبانی رایگەیاندبوو، لەسەر هەندێک خاڵ رێککەوتوون، لەسەر هەندێک خاڵی دیکە خەریکن دەگەنە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیشیان هەیە بۆ چەند خاڵێکی دیکە.