قوباد تاڵەبانی: کوردستان وەک هەمیشە وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێكهاتەکان دەمێنێت
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی رەوەندی عیراقی لە ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی – ئەمریکی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (25/2/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و وەفدی رەوەندی عیراقی لە ئەمریکا ستایشی حکومەت و دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان کرد کە بەردەوام پشتگیرییان لە پێکهاتەی کریستیان و بە تایبەتیش کلدانییەکان کردوە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان کرد لە کوردستان و رایگەیاند کوردستان وەک هەمیشە وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێكهاتەکان دەمێنێت و رۆڵ و پێگەی مێژوویی کریستیانەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و رەوەندی عیراقی لە ئەمریکا گفتوگۆکرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی کوردستان ئامادەن بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵدا بەشداری بکەن.



