مووچەی مامۆستایانی گرێبەست سبەینێ دابەش دەکرێت
رەوەز
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سبەینێ چوارشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.
بەپێی راگەیاندراوێک کە وێنەیەکی گەیشتووەتە کوردسات نیوز، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری و دوای تەواو کردنی سەرجەم رێکارەکانی وردبینی و ژمێریاری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و گەیشتنی لیستەکان بۆ گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی، بڕیار دراوە مووچەی مامۆستایان دابەش بکرێت.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەپێی بەرواری دەست بەکاربوونیان دابەش دەکرێت و ئاماژە بەوەش کراوە کە تەمویلی ئەم مووچانە لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
شایەنی باسە، مامۆستایانی گرێبەست چەندین مانگە چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەکانیانن و دواکەوتنی مووچە یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی مامۆستایانی گرێبەست لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.