دوای تێکچوونێکی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر، تیمە پسپۆڕەکانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز توانیان بڕی 2500 مێگاوات کارەبا بگەڕێننەوە بۆ تۆڕی کارەبای گشتی.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، پاش ئەوەی بۆ دووەم جار تۆڕی کارەبای هەرێم دووچاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بووەوە، کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دۆخی کارەبا کرد.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی کۆمەڵێک گرفتی تەکنیکییەوە بوو کە لە کێڵگەی کۆرمۆر و لە بەشی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای دانا غاز رووی دابوو، کە کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی وزە دروست کردبوو.

لە ماوەیەکی کورتدا و بە هەماهەنگی نێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز، گرفتەکان چارەسەر کران و بڕی 2500 مێگاوات کارەبا گەڕێندرایەوە بۆ ناو تۆڕی کارەبای هەرێم.

شایەنی باسە، کێڵگەی گازی کۆرمۆر یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگە کارەباییەکانی هەرێمی کوردستان و هەر گرفتێکی تەکنیکی لەم کێڵگەیەدا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست دەکات.