لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبای کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (سیتیەکان) لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە (25/2/2025) کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا و تێیدا نرخی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی شوبات راگەیاند.

بەپێی راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کە وێنەیەکی گەیشتووەتە کوردسات نیوز، دوای لێکۆڵینەوە لە نرخی گازوایل لە بازاڕەکان و شیکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستنی موەلیدەکان، لیژنەکە بڕیاریداوە نرخی کیلۆواتێک کارەبای موەلیدەی ستییەکان بریتی بێت لە 271 دینار.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەگوێرەی نرخی گازوایل لە بازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی سیتیەکان ئامادەکراوە، نرخی کیلۆوات ئاوەڕێک کارەبای موەلیدەی سیتیەکان بۆ ئەم مانگە (شوبات) بریتییە لە 271 دینار."

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی جەختی کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم سیتیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخی دیاریکراو و هۆشداری داوە کە سەرپێچیکاران رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

شایەنی باسە، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبای سیتیەکان بە شێوەیەکی مانگانە کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی نرخی نوێ بەپێی گۆڕانی نرخی سووتەمەنی و تێچووی بەگەڕخستنی موەلیدەکان.