دەزگای ئاسایشی هەرێم دەربارەی ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی نزیک عەربەت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، "وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە" 

دوێنێ دووشەمە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری رێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتيیان ئاڵۆزی دروستبوو چەند کەسێک بریندار بوون، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند: چەندین رێکاری یاساییمان گرتووەتە بەر، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ئەنجامی ئەم رووداوەدا چەند شۆفێر و هاوڵاتییەک بریندار بوون، بەڵام دوای چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە، هەموویان چوونەتە ماڵەوە و ئێستا لە نەخۆشخانە نەماون.

لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایش دا هاتووە: له ئێستادا هيچ كەس دەستگيرنەكراوه و  هاوڵاتییە بريندارەكان لە نەخوشخانه نەماون.