بۆ رۆژی دووەم؛ خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بەردەوامە
هەساو ئەمیر
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بەردەوامە و مامۆستایان لە نزیک بازگەی عەربەت خێمەیان هەڵداوە و رێگە لە تانکەرەکانی سوتەمەنی دەگرن لە بازگەکە تێبپەڕن.
ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بەردەوامە و مامۆستایان لە نزیک بازگەی عەربەت خێمەیان هەڵداوە و باس لەوەدەکەن، لەوێ دەمێننەوە تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.
مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتووش لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدارن و باس لەوە دەکەن، سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و پێویستە حکومەت وەڵامیان بداتەوە.
مامۆستایان و فەرمانبەران باس لەوەدەکەن، رێگری لە تێپەڕینی تانکەرەکان دەکەن، وەک رێگرییەک بۆ بەهەدەردانی ئەو داهاتەی بووەتە گرفت بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە.
باس لەوەشدەکەن، ئەگەرچی شەوی رابردوو سارد بوو و لە خێمەکاندا مانەوە، بەڵام ئەوان ئیرادەیان گەرمە و داواکاریی و خواستەکانیان ئەوانی لەوێدا کۆکردووەتەوە.
دەشڵێن، "بەشێکمان لەناو ئۆتۆمبێلەکان مابووینەوە و ئێشکگریمان کردووە و بە نۆرە رێگریمان لە تانکەرەکان کردووە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، "هەرچەندە ئەمە کاری ئێمە نییە، کاری ئێمە وتنەوەی وانە و ناوپۆلەکان و پەروەردەکردن و فێرکردنی خوێندکارانە، بەڵام لێرەین بۆ ئەوەی هەمووان هۆشیار بکەینەوە".




