داواکاری گشتی بەردەڕەش: هاوسەرگیری منداڵانی خوار 12 ساڵ قەدەغەیە
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥
بە پێی نوسراوێکی فەرمی کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە، داواکاری گشتی بەردەڕەش داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دەڤەرەکە کردووە کە هەر جۆرە گرێبەستێکی هاوسەرگیری بۆ مندالانی خوار تەمەنی 12 ساڵ رابگیرێت.
لە نوسراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بە پێی یاسا تاوانە و سزای لەسەرە، هەر زانایەکی ئایینیش پێچەوانەی ئەم بڕیارە بجوڵێتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
بەپێی نوسراوەکە، ئەم کردەوەیە تاوانە و لە ماددەی (10/ف/5) یاسای باری کەسی و ماددەی (2-2) یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ئاماژەی پێکراوە و سزای بۆ دانراوە.
شایەنی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیری پێش وەختە و پاراستنی مافی منداڵان لە هەرێمی کوردستان دێت.