هەردوو وەفدی دانوستانکاری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 22ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا. 

ئەم کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەروو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا، کە بریتی بوو لە تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستانکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا. هەروەها هەردوو وەفد بڕیاریاندا کە درێژە بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ دەستکەوتنی ئەنجامێکی کاریگەر و پەسەندکراو، بەتایبەتی لە پەیوەندیدا بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و چارەسەرکردنی چەندین بابەتی گرنگی تر کە پەیوەندییان بە دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە: "هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم".