لە پانێڵێکی تایبەت بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان کە لە شاری سلێمانی لەلایەن ڤیژن فاوندەیشنەوە رێکخرا، قوباد تاڵەبانی، جەختی لەسەر گرنگی دروستکردنی سیستمێکی حوکمڕانی کردەوە کە لەگەڵ سروشتی فرەپێکهاتەیی هەرێمی کوردستان بگونجێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە وتەیەکیدا رایگەیاند "هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و فرەپێکهاتەیە و پڕە لە بۆچوون و ئایدۆلۆژیای جیاواز، گرنگە لە هەردوو ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ئیدارەی ئەم فرەڕەنگییە بدرێت".

هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و رێگەنەدان بە پەراوێزخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە ئەم پانێڵە بەشێکە لە چالاکییەکانی ڤیژن فاوندەیشن بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.