وتەبێژی یەکێتی: ئەمڕۆ وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە
محەمەد رزگار
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥
وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو ستراتیژە دەکەن کە دەبێتە بناغەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند : ئەمڕۆ لە سلێمانی هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و گفتووگۆ لەسەر دواین پەرەسەندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەکەن.
وتەبێژی یەکێتی بۆ کوردسات نیوز باسی لەوەشکرد: تیمی تەکنیکی یەکێتی و پارتی لە ماوەی رابردوودا رەشنوسێکیان وەک ستراتیژی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو ئامادەکردووە و وابڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر ئەو ستراتیژە بکەن کە دەبێتە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.
وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند: بەرەوپێشچوون لە گفتووگۆکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم هاتووەتە ئاراوەو خوازیارین زۆر نەبات هەردوولا لەسەر کۆی خاڵەکان بگەینە رێککەوتن و حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا کە وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناغەبێت پێکبهێندرێت .