دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،رایگەیاند، کە تاران زیاتر لە 100 موشەکی ئاراستەی یەکێک لە پارچە دەریاییە "زۆر بەنرخەکانی" ئەمریکا کردووە، بەڵام هەموویان تێکشکێنراون.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەلەی نییە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران و جەختی کردەوە کە هێشتا کۆمەڵێک ئامانجی سەربازیی گرنگ لەو وڵاتەدا ماون کە دەیانەوێت پێش کۆتایی هاتنی شەڕەکە بیپێکن، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران کە وەک بژاردەیەکی کراوە ناوی برد.
هەروەها ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکا بەشێکی زۆری کۆگا و کارگەکانی دروستکردنی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی تێکشکاندووە.
لە ڕووی وزە و ستراتیژییەوە، ترەمپ باسی لەوە کرد، کە ئەمریکا چیتر پێویستی بە گەروی هورمز نییە، چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی لە سعودیە و روسیا زیاترە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە داواکردنی هاوکاری لە وڵاتانی ناتۆ بۆ کردنەوەی گەروی هورمز تەنها "تاقیکردنەوەیەک" بووە بۆیان. لە هەمان کاتدا، ترەمپ گومانی خستە سەر پابەندییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی وڵاتانی ناتۆ لە داهاتودا و رەخنەی توندی لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، گرت و وتی: ستارمر کەسێکی باشە، بەڵام تووشی سەرسوڕمانی کردم کاتێک رەتیکردەوە هاوکاری پێشکەش بکات سەرەڕای هەموو ئەو هاوکاریانەی پێشتر پێشکەش بە وڵاتەکەی کراوە.