بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداری لە رێورەسمی ماڵئاوایی باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد
٢١ی شوباتی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداریکرد لە رێورەسمی ماڵئاوایی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، کە لە دامەزراوەی ڤیم بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی هیچن رێکخرابوو.
لەم رێورەسمەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، هەروەها چەندین بەرپرسی دیکە ئامادەبوون. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتارەکەیدا سوپاسی خۆی بۆ رۆڵی گرنگی ستیڤن هیچن دەربڕی و رۆڵی بەرچاوی ئەوی لە پشتیوانیکردن لە پرۆسەی سیاسی و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لە عیراق و هەرێمی کوردستان ستایش کرد.
سەرۆک بافڵ هیوای سەرکەوتنی بۆ هیچن لە ئەرکی داهاتوویدا خواست و داوای کرد وەک هەمیشە پشتگیری لە مافەکانی گەلی کورد بکات و پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و بەریتانیا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان بەهێزتر بکات.
ئەم رێورەسمە بەشێک بوو لە چالاکییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی بەریتانیا، کە یارمەتیدەری گرنگی گەلی کورد بووە لە مافەکانیان.
لەلایەكی دیكەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە دامەزراوەی ڤیم لەسلێمانی، ماڵئاواییمان لە ستیڤن ھیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد".
قوباد تاڵەبانی وتیشی: "سوپاسمان کرد بۆ هەموو ئەو کار و پشتیوانیانەی کە لەساڵانەی رابردوودا ئەنجامیدان و ھیوای سەرکەوتنیشی بۆ دەخوازن لە ئەرکەکانی داھاتویدا".









