قوباد تاڵەبانی لە رۆژی زمانی دایکدا رایگەیاند، سەری رێز بۆ ئەو نووسەر و زمانزانانە دادەنەوێنین کە خزمەتی زمانی کوردییان کردووە. دەشڵێت، بۆئەوەی بتوانین زمانەکەمان بپارێزین دەبێت پشتگیری ئەو کەسانە بکەین کە هەوڵ دەدەن زمانی کوردی لەگەڵ زانستەکان جۆراوجۆرەکان و گۆڕانکارییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێنن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا رایگەیاند، "لە رۆژی جیهانی زمانی دایکدا، سەری رێز دادەنوێنین لە ئاست هەموو ئەو نووسەر و شاعیر و زمانزان و خەمخۆرانەی خزمەتی زمانی کوردییان کردووە و گەشەیان پێ داوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرباری ئەو هەموو فشار و هەڕەشەیەی لەسەر زمانەکەمان هەبووە و هەیە، ئەوان وەک پارێزەری زمانی کوردی تاڵی و شەونخونی و زۆریان چەشت تاوەکو پارێزگاری لە زمانی کوردی وەک ناسنامەی نەتەوەکەمان بکەن".

دەشڵێت: لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی بتوانین زمانەکەمان بپارێزین دەبێت گەشەی پێ بدرێت و پشتگیری ئەو کەسە دڵسۆز و خەمخۆرانە بکەین کە هەوڵ دەدەن زمانی کوردی لەگەڵ زانستەکان جۆراوجۆرەکان و گۆڕانکارییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێنن.

یونسکۆ 21ی شوباتی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانیی زمانی دایک داناوە و ئەمساڵ 26ـەم ساڵە یادی دەکرێتەوە.