ناوەندێکی نێودەوڵەتیی دارایی لە سلێمانی دەکرێتەوە
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥
بە ئامادەبوونی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق، ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانی لە سلێمانی كرایەوە.
پارێزگاری بانكی ناوەندی رایگەیاند، سلێمانی چالاكی ئابووری زۆری تێدایە، بۆیە بانكی ناوەندی پاڵپشتی ئەو ناوەندە بازرگانییە دەكات و بەم نزیكانەش لقی بانكی ناوەندی لە سلێمانی دەكرێتەوە.
عەلی عەلاق وتیشی: كردنەوەی ئەم ناوەندە بۆ سلێمانی گرنگە، چونكە بێجگە لەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت، هاوكات دەبێت بە شوێنی كۆكردنەوەی بازرگانەكان.
شاد فیکرەت، بەڕێوەبەریی پەیوەندییەکانی ناوەندیی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند،“ناوەندەکە پێکهاتووە لە ژمارەیەک ناوەند و سەنتەری بازرگانی، وەک: کۆمەڵێک بانکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی، هەروەها کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیای تایبەت بە فرۆشتنی پشک و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئابوری، سەنتەرێکی راهێنان و سەنتەری زیرەکی دەستکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندەکە گرنگیی بۆ شاری سلێمانی هەیە و شارەکە دەباتە ناو نەخشەی جیهانیی ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها، بانکی ناوەندی عێراق پلانی هەیە لە داهاتوودا لقێکی رەسمی لە هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە.