بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە دانیال روبنستین، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق و ستیڤن بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا پێشهات و رووداوە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی ناوچەكە تاوتوێكرا و جەخت لە هەماهەنگی نێوان لایەنەكان و پێویستی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی كرایەوە.

هەروەها سەرۆكی یەكێتی لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم رایگەیاند؛ دەربەستانە بۆ باشتركردنی دۆخی هەرێم، ژیانی خەڵك و بنیادنانی حكومەتێكی بەهێز لە هەوڵی بەردەوامدان و پەرۆشن بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات.

لەبارەی كێشەكانی بەغدا و هەولێر بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و لێكتێگەیشتن و رێككەوتنە سیاسییەكان كردەوە و وتی، دەبێت هەمووان بەرپرسیارانە ئەو دۆخە لەبەرچاوبگرن و زەمینەی زیاتر بڕەخسێنن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت.