خوێندنی باڵا: لەمەودوا پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا بە شێوەی داخراو ئەنجامدەدرێت
هەساو ئەمیر
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى چەند رێنماییەکی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا دەرکرد و دەڵێت، لەمەودوا دەبێت تاوتێکردنەکە بە داخراوی ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە فەرمانێکى وەزاریدا بە ئیمزاى ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چەند رێنماییەکی نوێ تایبەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە.
لە رێنماییەکاندا ئەوە هاتووە، دەبێت گفتوگۆی ماستەرنامە و دکتۆرا بە داخراوی ئەنجامبدرێت و نە کەسوکاری خوێندکار نە هیچ میوانێکی تێدا بەشدار نەبێت، تەنها رێگە بە نوێنەری خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکەی، راگری کۆلێژ، سەرۆک بەش، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە سەرۆکایەتی زانکۆ، بەرپرسی هۆبەری خوێندن و خوێندکارانی خوێندنی باڵا دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی تاوتوێکردن زمانی توێژینەوەکە بزانن و بتوانن قسەی پێبکەن و لێی تێبگەن. ناشبێت سەرپەرشتیار و خوێندکار داوای مامۆستایەکی دیاریکراو بکەن بۆ سەرۆکی لیژنە.
ئەوەش هاتووە، پێویستە ئەو کەسەی دەکرێتە سەرۆکی لیژنە، پلەی زانستی لە مامۆستای سەرپەرشتیار بەرزتر بێت.