کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و بەفر دەبارێت
هەساو ئەمیر
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و بەفر و باران دەبارێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان بە درێژایی کاتەکان هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەناوچە شاخاوییەکان و زیاتر لەناوچە سنوورییەکاندا. پلەکانی گەرماش 4 بۆ 6 پلە دادەبەزن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی هەینی، ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەفربارین لە زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا و نمەباران لەناوچە جیاجیاکاندا، پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ کاریگەری دابارین لاواز دەبێت، تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێ کاریگەرییەکەی بەلاوازی و بەشێوەی بەردەوام دەمینێتەوە تاوەکو بەیانی رۆژی شەممە .
دەشڵێت، سبەینێ پلەکانی گەرما بەگشتی نزم دەبنەوە، بە جۆرێک بەروارد بەمڕۆ 1 بۆ 2 پلە نزمتر دەبن و لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم و ناوچە سنوورییەکان 4 بۆ 5 پلە دادەبەزن.
کەشناسیی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەکات، هەندێک کات لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا، هەندێک کاتیش زیاد دەکات بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 10 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 7 پلەى سیلیزى
دهۆک : 7پلەى سیلیزى
کەرکوک :12 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 8پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 6 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران : -4 پلەى سیلیزى
سۆران : 5 پلەى سیلیزی
گەرمیان : 12پلەى سیلیزى