فەرماندەیی هێزەکانی 70 رایدەگەیەنێت: بە دەستێکی پۆڵاین رووبەڕووی  تیرۆریستەکانی چەکدارانی داعش و هەر هەوڵێکی تری تیرۆرستانە تر دەبینەوە، کە ئامانج لێی زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بێت.

فەرماندەیی هێزەکانی 70 لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوەتەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەعات 9:00ی بەیانی لەگوندی دوڕاجی لەسنوری دوزخورماتوو، نزیک کۆمپانیای غەرە چوار بۆ پێنج چه‌كداری داعش  په‌لاماری پێنج شوانی مەڕوماڵاتی ناوچەکەیاندا، لەبەرانبەردا شوانكاره‌كان لێیان هاتونه‌ته‌ ده‌ست‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ رویداوه‌ لەنێوانیاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنورە دەست بەجێ هێزێک لە فرقەی چواری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەمەبەستی بە هاناوە چونی شوانەکان و خەڵکی ناوچەکە روولە شوێنی رووبەڕووبونەوەکە دەکەن شەڕو رووبەڕووبونەوەکان تا سەعات 12:30 بەردەوام بووە.

راشیگەیاند، لە ئەنجامدا توانرا شوانەکان رزگار بکرێن و بەسەلامەتی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و تیرۆرستەکانیش هەڵهاتن، خۆشبەختانە هیچ کوژرا و بریندارێک لە رووبەڕووبونەوەکەدا تۆمار نەکراوە.

فەرماندەیی هێزەکانی 70 ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە دڵنیایی دەدەین کە هێزی پێشمەرگە چاوکراوەیە و بە دەستێکی پۆڵاین رووبەڕووی  تیرۆریستەکانی چەکدارانی داعش و هەر هەوڵێکی تری تیرۆرستانە تر دەبێتەوە، کە ئامانج لێی زیان گەیاندن بەخەڵک و هاووڵاتیان و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بێت.